ژینی لادێ
ژینی لادێ سەیرانە ..... گەرچی تۆزێ گرانە
رۆژی نەورۆز ئەوەڵ ساڵ..... ئەکەونە ئیش کوڕ و کاڵ
یا جووت، یا جۆگە هێنان....بۆ ئاو داشتن دەغڵ و دان
یا تووتنە و یا درەو..... ناوەستن بە ڕۆژ و شەو
یا گێرە یا شەن کردن..... هەڵمەت بۆ فەرمان بردن
فەرقی نیە نێر و مێ...... هەرچی دانیشتووە لە دێ
هەموو خەریك فرمانن.... بە دەست هێنانی نانن
تا تەواو ئەبێ هاوین..... تێ ئەکۆشن زۆر بە تین
بەینێ لەویا بەتاڵن..... خەریکی ئیشی ماڵن
تیرەک لێدان، گڵەبان.... کۆڵان گرتن بە تەیمان
کە ئیش رووی کردە تەنکاو.....کۆ ئەبنۆ لە حەوز و ئاو
چەند دارێ بی لای مزگەوت..... هەندێ راست و هەندێ چەوت
بۆ سێبەر نێژراوە...... سەکۆی لە بن کراوە
ئەهلی دێ زۆر و کەم..... لەسەر سەکۆ ئەبن جەم
تاوێ شەڕە ئاو پرژێن...... بە گاڵتەوە شەڕە جوێن
تاوێ باسی ژن هێنان.....تاوێ تەریف دەغڵ و دان
دوو سێ رۆژێ بەم جۆرە.... بە گۆرانی و بە هۆرە
را ئەبوێرن بە شادی...... گاگا بیری ئازادی
گا تەگبیری جوتیاری.....گاگا خەمی هەژاری
قانع
No comments